خۆپیشاندانه‌كان كاریگه‌ریان له‌سه‌ر هه‌رێم ده‌بێت

03/10/2019 - 11:01 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

د.موسه‌نا ئه‌مین ئه‌ندامی لێژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرایكرد ، خۆپیشاندانه‌كانی عێراق كاریگه‌ری بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و گفتوگۆی نێوان شاندی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌بێت ، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد ، خه‌ڵكی عێراق چاوه‌ڕوانی زیاتر له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن كه‌ ساڵانه‌ مامه‌ڵه‌ به‌ ده‌یان ملیار دۆلار ده‌كات .
له‌ چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ، د.موسه‌نا ئه‌مین ئه‌ندامی فڕاكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ به‌غدا باسی له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئێستای به‌غدا كرد و رایگه‌یاند :" ئه‌گه‌ر ئه‌م جوڵانه‌وانه‌ به‌رده‌وام بن و ده‌سكه‌وتیان هه‌بێت و‌ زۆربهێنن بۆ حكومه‌ت ، دوور نیه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستانیش ئیلهامی لێوه‌ربگرن و بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان " ، له‌ هه‌مان كاتدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد " له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكیشدا ژینگه‌ و دۆخی كوردستان جیاوازه‌ له‌ ته‌واوی شوێنه‌كانی تری عیراق " .
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و فراكسیۆنی یه‌كگرتوو روونیشیكرده‌وه‌ " من ناڵێم حاڵه‌تی كوردستان باشه‌ یا چیه‌ ، به‌ڵام حاڵه‌تی ناوه‌ڕاست و خوارووی عیراق زۆر زۆر خراپه‌ له‌باری خزمه‌تگوزاری و نه‌بونی ده‌رفه‌تی كار و‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاوی هه‌ژاری و به‌سه‌ربازگه‌كردنی شاره‌كان حاڵیان زۆر له‌كوردستان خراپتره ‌، بۆیه‌ بێگومان زۆر شت هه‌یه‌ له‌كوردستان باشتره‌ له‌ناوه‌ڕاست و خوارووی عیراق ."
له‌ باره‌ی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی به‌غدا و كاریگه‌ری بۆ سه‌ر گفتوگۆكانی نێوان حكومه‌تی ئیتحادی و حكومه‌تی هه‌رێم ، د.موسنا ئه‌مین رایگه‌یاند :" بێگومان ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ دۆخی سیاسی له‌عیراق ئیفلیج ده‌كه‌ن ، ئایا حكومه‌ت ده‌ست له‌كارده‌كێشێته‌وه‌ یا نا؟ له‌حاڵی بونی بێگومان شته‌كان به‌ ئاراسته‌یه‌كی تردا ده‌ڕۆن ، له‌حاڵه‌تی مانه‌وه‌ی ئه‌م حكومه‌ته‌ش هه‌ر كاریگه‌ری به‌جێ ده‌هێڵێت.