فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

05/10/2019 - 13:09 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی عێراق بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، خۆپیشاندانه‌كانی عێراق په‌نگخواردنه‌وه‌ی چه‌ندان ساڵی گه‌نده‌ڵیی ده‌سه‌ڵاتداره‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی عێراقە و دەشڵێن: "پشتگیریی تەواوى داخوازییه‌ ڕه‌واكانی خۆپیشانده‌رانی عێراقین و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان به‌ فیشه‌ك به‌ تووندی ئیدانه‌ ده‌كه‌ین".

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

به‌یاننامه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران

خۆپیشاندانه‌كانی عێراق په‌نگخواردنه‌وه‌ی چه‌ندان ساڵی گه‌نده‌ڵیی ده‌سه‌ڵاتداره‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق و به‌ هه‌ده‌ردانی سه‌دان ملیار دۆلار و نه‌بونی سه‌ره‌تایی ترین خزمه‌تگوزارییه‌كان و بێكاریی به‌ربڵاو و لاواز بونی متمانه‌ی هاوڵاتیان به‌ پڕۆسه‌ی دیموكراسی به‌ هۆی ته‌زویری هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌یه‌.

‎ئێمه‌ پشتگیریی تەواو و بێچەندوچونی داخوازییه‌ ره‌واكانی خۆپیشانده‌رانی عێراقین و روبه‌ڕوبونه‌وه‌یان به‌ فیشه‌ك به‌ توندی ئیدانه‌ ده‌كه‌ین.

‎له‌هه‌مان كاتدا ترسی خۆشمان ناشارینه‌وه‌ كه‌ درێژه‌كێشانی ئه‌م دۆخه‌، عێراق ده‌كاته‌ مه‌یدانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێ گه‌رمه‌ ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ ناوچه‌كه‌.

‎هه‌ربۆیه‌ داوا له‌ حکومەتی‌ ئیتیحادی ئه‌كه‌ین به‌ زوترین كات به‌رنامه‌یه‌كی گونجاوی فیعلی بۆ چاكسازی و گۆڕانكاریی وه‌زاری بنێرێته‌ په‌رله‌مان بۆ په‌سه‌ند كردنی.

‎ئێمه‌ پشتگیری چاكسازیی ریشه‌یی ده‌كه‌ین له‌ عێراق و پێمان وایه‌ ئیسڵاح له‌ عێراق پاڵنه‌ری چاكسازیش ده‌بێ له‌ هەرێمی كوردستان. له‌ هه‌مان كات دا کۆبونەوەی پەرلەمان بێ بونی نەخشەرێگا و بێ پرۆژەی رون بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی ریشەیی به‌ چاره‌سه‌ر نازانین و پێمان وایه‌ هێنده‌ی تر دۆخه‌كه‌ ئاڵۆز ئه‌كات.

 

فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

٥/ ١٠/ ٢٠١٩