عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار كۆبوویه‌وه‌

05/10/2019 - 14:59 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆشکی سەلام کۆبونەوە و جەختیان لە جێبەجێکردنی داواکاریەکانی خۆپیشاندەران کردەوە.

بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لە کۆبونەوەکەدا سەرۆک بەرهەم و سەرۆک وەزیرانی عێراق تەئکیدیان کردەوە لەسەر بەدیھێنانی خواستەکانی گەنجان و لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە تێوەگلاوەن لە توندوتیژی. 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە دیدارەکەدا تەئکیدکرایەوە لەسەر بەدیھێنانی داواکارییە رەواکانی خۆپیشاندەران و دابینکردنی خواستەکانی گەنجانی عێراق کە زامنی ژیانێکی شکۆمەند بکات بۆ گەنجان و ھاوڵاتیان، ھاوکات جەخت کرایەوە لەسەر لێپێچینەوە لەو کەسانەی توندوتیژیان کردوە بەرامبەر خۆپیشاندەران. 

ئەوەش خراوەتەڕو، هەردو سەرۆک جەختیان لە پارێزگاریکردن لە ئاسایش و سەلامەتی خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنیەکان کردەوە بۆ ڕێگریکردن لەو تاوانبارانەی کە دەستڕێژی گولەیان کردوە بە ناو ئاپۆڕای خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنیەکاندا.

لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقدا هاتوە، ھەر لەو دیدارەدا گفتوگۆکرا لەسەر دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ روداوەکانی ئەم دواییە، کە زامنی بەرژەوەندی گشتی و ئارامی وڵات بکات.