حکومەتی عێراق چەند بڕیارێکی بەپەلە بۆ رازیکردنی خۆپیشاندەران ڕاگه‌یاند

06/10/2019 - 11:10 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق شەوی شەممە لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا و بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران، بڕیاریدا بەپەلە 17 هەزار زەوی نیشتەجێبوون دابەشبکات و 100 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروستبکات و مووچەی مانگانە بداتە بێکاران.

لە سێشەممەی رابردووەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری دژی گەندەڵی و بێکاری و خراپی خزمەتگوزاری لە بەغدا و پارێزگاکانی باشووری عێراق سەریهەڵدا و بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق تاوەکو رۆژی شەممە 5-10-2019 ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکان گەیشتە 100 کوژراو و 3 هەزار و 991 بریندار.

لە کۆبوونەوە بەپەلەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی، ئەنجوومەنی وەزیران قۆناخی یەکەمی بڕیارەکانی راگەیاند کە بریتین لە واڵاکردنی دەرگای ناو تۆمارکردن بۆ وەرگرتنی زەوی نیشتەجێبوون کە تایبەتن بە کەسانی کەمدەرامەت لە هەموو پارێزگاکاندا و تەواوکردنی دابەشکردنی 17 هەزار زەوی نیشتەجێبوون بەسەر کەسانی شایستە لە پارێزگای بەسرە لە ماوەی چوار هەفتەدا.

پرۆژەیەکی دیکە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڵێنی دا جێبەجێی بکات ئامادەکردن و جێبەجێکردنی بەرنامەی نیشتمانییە بۆ نیشتەجێبوون کە دروستکردنی 100 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەموو پارێزگاکاندا لەخۆدەگرێ و بەڕێگەی سندووقی نیشتەجێکردن و لە بودجەی 2020 دا قەرزی بێ سوو دەدرێتە هاووڵاتیان بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون.

ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها بڕیاری دا بۆ سێ مانگ بڕی 175 هەزار دینار وەک مووچەی مانگانە بداتە 150 هەزار بێکار کە توانای کارکردنیان نییە، لە سەرتاسەری عێراق و بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژە 78 ملیار و 500 ملیۆن دینار تەرخان دەکات. لە پاڵ دروستکردنی یەکەی فرۆشتن لە ناوچە بازرگانییەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بە گوژمەی 60 ملیار دینار و لە سێ مانگدا جێبەجێ دەکرێ، بەو مەرجەی خاوەن یەکەکە هەلی کار بۆ دوو بێکار دابینبکات.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هاوکات بڕیاری دا وەزارەتی بەرگریی لە بەرواری 15ـی ئەم مانگەوە دەرگای خۆبەخشی بۆ گەنجان لە تەمەنی 18 ساڵی بۆ 25 ساڵی بکاتەوە و وەزارەتی پەروەردە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ وانەبێژە خۆبەخشەکان، وەزارەتی کشتوکاڵ رێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر بۆ لێخۆشبوون لە قەرزی کرێی زەوییە کشتوکاڵییەکان لەسەر جووتیاران تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی داهاتوو.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە پاڵ ئەم پرۆژە و هەنگاوانە بڕیاری دا پارێزگارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی لیستی ناوی خێزانە بێبەشبووەکان ئامادە بکەن بۆئەوەی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتییان بدرێتێ و تێکڕای خێزانەکان دەگاتە 600 هەزار خێزان، هاوکات قوربانیانی خۆپیشاندانەکان لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان بە شەهید هەژمار دەکرێن و خێزانەکانیان مووچە و دەرماڵەی شەهید وەردەگرن.