نازم دەباغ: پێم وانیە ئێران دەستی لە خۆپیشاندانەكانی عێراق هەبێت

07/10/2019 - 12:54 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران ڕایدەگەیەنێت: من پێم وانیە ئێران دەستی لەپشت ئەم خۆپیشاندانانەوە هەبێت چونكە دروستبوونی نا ئارامی لەناوچەكەدا لەم كاتەدا ڕەنگدانەوەی لەسەر كۆماری ئیسڵامی ئێران دەبێت.


نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران ڕایگەیاند: بەبۆچونی خۆم ئەم خۆپیشاندانانەی ئێستای عیراق دەرئەنجامە، دەرئەنجامی ئەوەی كە حكومەتە یەك لەدوایەكەكانی عیراق نەیانتوانیووە داواكاری خەڵكی عیراق جێ بەجێ بكەن بۆیە هیچ كەس ناتوانێت بڵێت داواكاری خۆپیشاندەران ڕەوا نیە.


هەروەها ووتیشی: من پێم وانیە ئێران دەستی لەپشت ئەم خۆپیشاندانانەوە هەبێت چونكە دروستبوونی نا ئارامی لەناوچەكەدا لەم كاتەدا ڕەنگدانەوەی لەسەر كۆماری ئیسڵامی ئێران دەبێت، ئارامی عیراق، ئارامی ئێرانە وە بەپێچەوانەشەوە.


ئاماژەی بەوەشكرد: خاڵێكی تر ئەوەیە كە عیراق توانیوێتی بێ لایەنی خۆی بپارێزێت بۆیە پرسیارێك دێتە ئاراوە كێ قازانج دەكات وە كێ زیان دەكات لەو بێ لایەنیەی عیراق؟ بەبۆچوونی من ئەوانەی بیانەوێت دژایەتی توندی ئێران بكەن ئەم جۆرە بێ لایەنیە لەبەرژەوەندییان نیە."