نزیكه‌ی ملیۆن و نیوێك هاوڵاتی عێراقی بێكارن

14/10/2019 - 11:03 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق رایگەیاند، یەک ملیۆن و ٣٤٤ هەزار هاووڵاتی لەعێراقدا بێكارن.

باسم عەبدولزەمان، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی عێراقی راگەیاندوه‌: یەک ملیۆن و ٣٤٤ هەزار كەس ناوی خۆیان نوسیووە بۆ ئەوەی بەشداری بكەن لە وەرگرتنی بیمەی بێكاری، كە حكومەت دوای خۆپیشاندانەكانی سەرەتای ئەم مانگە بڕیاری لەسەردا.

ناوبراو راشیگەیاندوه‌: هەموو ئەو كەسانە ناویان تۆمار كراوە و بەشێوەیەكی ئەلكترۆنی ناوەكانیان ئامادەن بۆ ئەوەی كاریان لەسەر بكرێت.

سەرەتای ئەم مانگە خۆپیشاندانی فراوان لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكە بەڕێوەچوون و هۆكاری سەرەكی خۆپیشاندانەكانیش بێكاری و نەبوونی خزمەتگوزاری بوون، بۆیە حكومەت بڕیاریدا بەشێوەیەكی كاتی و بۆ ماوەی سێ‌ مانگ هەر كەسێكی بێكار بڕی ١٧٥هەزار دیناری بۆ دابین بكات.