پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی دەکات

31/10/2019 - 10:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمیی عێراق بڵاوی کردەوە: کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت دەکرێت بە گفتوگۆکردن لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی لە پۆستەکەی.

هه‌ر له‌ رۆژنامەکەدا رایگەیانراوە كه‌ : کۆبونەوەی ئەمڕۆی پێنجشەممە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و کابینە وزارییەکەی، بۆ ئەو مەبەستەش دانوستان لەنێوان هەردو هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری و سائیرون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر ئەنجام دەدرێت.

دیار بەرواری پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەكه‌ی راگەیاند: بە ئەگەری زۆر لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا پرسی دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، چونکە بەهۆی فشاری خۆپیشاندەران و هاوڵاتیانەوە، حکومەت ناچار بەدەستلەکارکێشانەوە دەکرێت، بەڵام ئەوەش پێویستی بەدانوستان و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان هەیە.

جەمال فاخر، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سائیرون ئاشکرای کردوە؛ ژمارەی یاسایی ئیمزای پەرلەمانتارانیان کۆکردوەتەوە بۆ بانگهێشتکردنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پەرلەمان، بۆ ئەوەی لە کۆبونەوەیەکی ئاشکرادا هەڵوێستی خۆی لەبارەی داواکارییەکانی خەڵک و پرسی دەستلەکارکێشانەوەی رون بکاتەوە.