كۆمسیۆنه‌كه‌ی ده‌گۆڕدرێت و له‌ هه‌فتیه‌كدا یاسای نوێی هه‌ڵبژاردن ئاماده‌ ده‌كرێت

03/11/2019 - 15:40 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی
سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ئاماده‌كاری بۆ  پڕۆژە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان ده‌كات لە ماوەی هەفتەیەكدا و ڕایدەگەیەنێت، گۆرینی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بە كۆمسیۆنێكی تر لەسەر بنەمای پیشەیی و دڵسۆزی دەبێت.

نووسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆك كۆماری عیراق بڵاویكردەوە، د. بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ یەك شەممە لە كۆشكی سەلام لە بەغدا چاویكەوت بە سەرۆك و نوێنەرانی سەندیكا و رێكخراوەكان و لەرێگەی دیالۆگێكی ڕاشكاو و كراوەدا وێی گرت بۆ بیرو بۆچونی ئامادەبووان لەبارەی ناڕەزایەتی و داواكاری و چۆنیەتی كاركردن بۆ ئەوەی ئەو دۆخەی، كە بەغدا و پارێزگاكانی تری پیادا تێپەڕ دەبێت ببێتە كلیلی چاكسازی ڕاستەقینە و ڕیشەیی بۆ پڕۆسەی سیاسی و سیستەمی حوكمڕانی لە وڵاتدا.

بەرھەم جەختیكردەوە، لە ئێستادا كاری جددی لە سەرۆكایەتی كۆمار بەڕێوەدەچێت بە ئاڕاستەی ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان و لەماوەی تەنیا هەفتەیەكدا تەواو دەكرێت و پێشكەشی پەڕلەمان دەكرێت، كە تێیدا هاتووە، گرەنتی رێزگرتن لە بۆچونی دەنگدەران دەكرێت و دادپەروەریش لە كێبركێدا مسۆگەر دەكات لە پێناو گەیشتن بە پەڕلەمان.

سەرۆك كۆمار ئاشكراشی كرد، گۆرینی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بە كۆمسیۆنێكی تر لەسەر بنەمای پیشەیی و دڵسۆزی دەبێت و دوور دەبێت لە هەر جۆرە جیاكارییەك و لایەنگیری حزبی.

بەرهەم ساڵح ڕاشیگەیاند، شێوازی ئاشتیانەی خۆپیشاندانەكان، كە بەهای نیشتمانی ڕاستەقینە و سوربوونی گەلی عیراق دەسەلمێنێ‌ بۆ ڕاستكردنەوەی پڕۆسەی سیاسی، كە یارمەتیدەر دەبێت لە كاری زیاتر و جددی، هەروەها عیراق و سیستەمە حوكمڕانیەكەی لە چوارچێوەی دیموكراسی ئاشتیانە و ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ قەڵاچۆكردنی گەندەڵی و كاركردن بۆ بنیادنانی دەوڵەت و بەرەوپێشبردنی.