بۆمبه‌ فرمێسكڕێژه‌كان كه‌ له‌ دژی خۆپیشانده‌ره‌كانی عێراق به‌كارهاتون دروستكراوی ئێرانن

09/11/2019 - 15:49 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

خۆپیشاندانه‌كانى عێراق پێ ده‌نێته‌ هه‌فته‌ى سێیه‌مییه‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا قوربانییه‌كانیش ژماره‌یان له‌زیادبوون دایه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌كان چه‌ند لایه‌نێكى ناوخۆیى وده‌ره‌كى بێئه‌وه‌ى ناویان بێنێت تۆمه‌تباركرد كه‌ده‌یانه‌وێت خۆپیشاندانه‌كانى عێراق بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆیان بقۆزنه‌وه‌.

ڕێكخراوى هیومه‌ن ڕایتس وۆچیش ڕایگه‌یاند: له‌وه‌ته‌ى ده‌ستپێكردنى خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌, هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراق له‌چه‌ند بۆنه‌یه‌كدا ڕاسته‌وخۆ بۆمبى گازى فرمێسكڕێژیان بۆسه‌ر سه‌رى خۆپیشانده‌ران هاویشتوه‌ وبه‌هۆیه‌وه‌ به‌لایه‌نى كه‌م 16 كه‌س كوژراون. ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردوه‌، هه‌ندێك له‌و بۆمبانه‌ى فرمێسكڕێژ كه‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراق دژى خۆپیشانده‌ران به‌كارى ده‌هێنێت، دروستكراوى ئێرانن.

دوێنێ هه‌ینیش، له‌گۆڕه‌پانی ته‌حریر له‌به‌غداد، خۆپیشاندانی ملیۆنی به‌ڕێوه‌چوو وهێزه‌ ئه‌منیه‌كانیش رێو شوێنی توندیان گرتوه‌ته‌ به‌ر.