ژماره‌ی ئه‌ندامانی كورد له‌ لێژنه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستور زیاد كرا

10/11/2019 - 09:12 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

ڕۆژی شەممە ٩/١١/٢٠١٩ بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نووسراویكی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران كرد بۆ زیاد كردنی ئەندامانی لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستووری عیراق و بە ھەوڵ و پشتگیریی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكانی نێو ئەنجومەنی نوێنەران، توانرا ژمارەی ئەندامانی كورد لە لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوور لە ٣ كەسەوە بۆ ٦ كەس زیاد بكرێت.

بەشیر حەداد ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ ئەندامانی لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوور زیاد كران، لەسەر داوای جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و ھەوڵی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق توانرا ژمارەی ئەندامانی كوردی نێو لیژنەی نووسینەوەی دەستوور لە ٣ كەسەوە بۆ ٦ زیاد بكەین.”

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكراشیكرد، ئەندامانی كورد لە لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستووری عیراق بریتین لە: د. ڤیان سەبری، د.جوان ئیحسان، د.یوسف محەمەد سادق، د. عەبدولباری مدرس، د.جمال كۆچەر و سەرۆكی لیژنەی یاسایی ڕێبوار ھادی.