یونامی پلانێكی سێ قۆناغی بۆ كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەكان ڕاگەیاند

11/11/2019 - 09:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 


نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق "یونامی"، پلانێك كە خۆی لەسێ خاڵ دەبینێتەوە بۆ كۆتایهاتن بە خۆپیشاندانەكانی عێراق دەخاتەڕوو داواش دەكات بەجدی كار بكرێت بۆ بەدیهێنانی داواكاری خۆپیشاندەران.

 

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق "یونامی"، پلانێك بۆ چارەسەركردنی پرسی خۆپیشاندانەكانی عێراق دەخاتەڕوو كە قۆناغی یەكەمی پلانەكە چەند هەنگاوێكی بەپەلە لەخۆی دەگرێت، وەك: ئازادكردنی خۆپیشاندەران و دەستگیرنەكردنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیانە، لێكۆڵینەوە لە حاڵەتەكانی كوشتن و رفاندن و دۆزینەوەی ئەو كەسانەی لەپشتیەوە بون و ئەنجامیانداوە، هەروەها دادگاییكردنی ئەو بەرپرسانەی هێزیان بەكارهێناوە لە بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەراندا.

 

هەروەها بەشی دووەمی پلانەكەی یونامی چەند هەنگاوێكی كورتخایەن لەخۆدەگرێت، كە لەماوەی هەفتەیەك بۆ دوو هەفتە جێبەجێبكرێن، لەوانە دیاریكردنی چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ چاكسازییكردن لە یاسای هەڵبژاردنەكاندا، هەروەها چاكسازییكردن لە بواری ئەمنی و هێشتنەوەی چەك بەدەستی دەوڵەتەوە، هەروەك ئەنجامدانی چەند هەنگاوێك بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، لەوانە ئاشكراكردنی سەروەتی بەرپرسە باڵاكان لە ناوەوە و دەرەوەی عیراق.

 

وە لە بەشی سێیەمی پلانەكەی یونامیدا كە لە مانگێكەوە بۆ سێ مانگە، داواكراوە پێداچونەوە بە دەستوری عیراقدا بكرێت، هەروەها دەستەی دەستپاكیی عیراق دۆسێكانی گەندەڵی بدات بە دەسەڵاتی دادوەری و دادگای ناوەندی بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و لێپرسینەوە لە هەموو ئەو بەرپرسانی ئەنجامدانی گەندەڵی بەسەریاندا دەسەپێت، هەروەها دەركردنی چەند یاسایەكی تایبەت بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵك، لەوانە یاسای تایبەت بە چارەسەری پرسی شوێنی نیشتەجێبون و یاسای نەوت و غاز.

 

جێگەی ئاماژەبۆ كردنە نزیكەی مانگێكە خۆپیشاندانێكی فراوان پارێزگاكانی عێراق گرتۆتەوەو خۆپیشاندەران داوای دابینكردنی هەلی كار و نەمانی گەندەڵی و چەند داوایەكی دیكەیان هەیە، هاوكات بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە تا ئێستا هەزاران خۆپیشاندەر بونەتەقوربانی.