نوێنه‌رى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق : ئه‌وه‌ى بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ "نه‌وته‌ "

11/11/2019 - 16:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

ئه‌و تویته‌ى له‌ لایه‌ن "جینین هینیس – بلاسخارت "ى نوێنه‌رى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق نوسرابوو ، بووه‌ هۆى توڕه‌بوونى عێراقییه‌كان ، چونكه‌ باسى زیانه‌ ماددیه‌كانى ده‌كرد له‌ عێراق ، وه‌ك ئه‌وه‌ى نوێنه‌رى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بێت بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ سامانى "نه‌وت " ، به‌ بێ ئه‌وه‌ى باسى ئه‌و توندوتیژییه‌ بكات كه‌ رووبه‌ڕووى خۆپیشانده‌ران ده‌بێته‌وه‌ .


له‌ تویتێك له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى تویته‌ر ، نوێنه‌رى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق رایگه‌یاندبوو :" له‌كاركه‌وتنى ژێرخانى زیندوو جێگه‌ى دڵه‌ڕاوكێییه‌كى زۆره‌ " .


ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردبوو " هه‌ڕه‌شه‌كان یان داخستنى رێگه‌كان كه‌ بۆ دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كان ده‌چن ، ده‌بێته‌ هۆى زیانى ملیاران دۆلار " ، ئه‌وه‌شى باسكردبوو " ئه‌م زیان به‌ ئابورى عێراق ده‌گه‌یه‌نێت " .


له‌به‌رامبه‌ردا توڕه‌یى عێراقییه‌كان دژى نوێنه‌رى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ رێگه‌ى هه‌زاران وه‌ڵامى تویته‌كه‌ى بوو ، هه‌ندێكیش داواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان كرد ، ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ " رێكخراوه‌ جیهانییه‌كان و عه‌ڕه‌بییه‌كان هه‌موویان گه‌نده‌ڵن و پێویست به‌ بوونیان ناكات " .