نهێنی گازه‌ فرمێسكڕێژه‌كەی عێراق ئاشكراكرا

ReBiN 16/11/2019 - 10:43 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

نه‌جاح حه‌سه‌ن عه‌لی شه‌مه‌ری، وه‌زیری به‌رگری عێراق ده‌ڵێت: "ئه‌و جۆره‌ گازه‌ فرمێسكڕێژه‌ی ئاراسته‌ی به‌شێك له‌ خۆپیشانده‌رانی عێراق كراوه‌، له‌و جۆره‌ نه‌بووه‌ له‌ ئاستی جیهانی رێگه‌پێدراوه‌ و لایه‌نێك بێ ئاگاداریی ده‌وڵه‌ت هێناویه‌تییه‌ ناو عێراقه‌وه‌".

وه‌زیری به‌رگری عێراق له‌ دیداریكی كه‌ناڵی فرانس 24 ووتی: "هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی عێراق ئه‌و جۆره‌ بۆمبه‌ فرمێسكڕێژه‌یان نه‌هێناوه‌ته‌، به‌ڵكو لایه‌نێكی دیكه‌ به‌و كاره‌ هه‌ستاوه‌. پاش ئه‌وه‌ی پشكنین بۆ جۆری ئه‌و بۆمبه‌ فرمێسكڕێژه‌ كراوه‌ كه‌ له‌ سه‌ری خۆپیسانده‌ره‌ كوژراوه‌كاندا ده‌رهێنراوه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، له‌و جۆره‌ نییه‌ كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌كاریده‌هێنن و بڕی گازه‌كه‌ی سێ به‌رامبه‌ر ئه‌و جۆره‌یه‌ كه‌ له‌ جیهیان ریگه‌یپێدراوه ".

دوای دیداره‌كه‌ی شه‌مه‌ری له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌ فه‌ره‌نسییه‌كه‌، له‌ ئاستی سیاسی و جه‌ماوه‌ری له‌ عێراق گومانێك درووست بوو كه‌ مه‌به‌ستی شه‌مه‌ری له‌لایه‌نی سێیه‌م حه‌شدی شه‌عبی بووه‌. به‌ڵام وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق روونكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر قسه‌مانی وه‌زیر بڵاوكرده‌وه‌ و له‌ په‌یجی سه‌ره‌كی وه‌زاره‌ت له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رایانگه‌یاند: "كاتێك وه‌زیری به‌رگریی گوتوویه‌تی هێزه‌ چه‌كداره‌كان ئه‌و بۆمبه‌یان به‌كارنه‌هێناوه‌ و نه‌یانهێناوه‌ته‌ عێراقه‌وه‌، مه‌به‌ستی (سوپا، پۆلیس، دژه‌ تیرۆر و پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبی)ـیش بووه‌ كه‌ ئه‌وان ده‌ستیان له‌و كاره‌دا نییه‌ و ئه‌و جۆره‌ بۆمبه‌یان نه‌هێناوه‌ته‌ ناو عێراقه‌وه‌ تا دژی خۆپیشانده‌ران به‌كاربهێنرێت. به‌ڵكو لایه‌نی سێیه‌م له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییانه‌ به‌و كاره‌ هه‌ستاون".

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌ "وه‌زیری به‌رگری عێراق مه‌به‌ستی له‌ لایه‌نی سێیه‌م كۆمه‌ڵێك له‌و كه‌سانه‌ بووه‌ كه‌ چه‌كدارن و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌نه‌ ئامانج و ده‌یانه‌وێت له‌ نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و خۆپیشانده‌راندا ئاژاوه‌ درووست بكه‌ن".

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق ده‌ڵێت: "هێزه‌ چه‌كداره‌كان پابه‌ندی فه‌رمانی فه‌مانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراقن و له‌سه‌ریانه‌ ته‌قه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران نه‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ سه‌دان ئه‌ندامی هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی عێراق به‌ ده‌ستی خۆپیشانده‌ران كوژراون و بریندار بوون".