دووباره‌ به‌غدا به‌ره‌و ته‌نگه‌ژه‌یه‌كی خراپتر ده‌ڕوا

10/12/2019 - 09:43 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 10ی كانونی یه‌كه‌می 2019 و له‌ یادی رزگاركردنی عێراق له‌ ده‌ستی گروپی داعش خۆپیشاندانێكی گه‌وره‌ له‌به‌غدای پایته‌خت ئه‌نجامبدرێت كه‌ به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی چه‌ندین لایه‌ن هۆشدارییاندا له‌وه‌ی ته‌نگژه‌ی گه‌وره‌تری لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

به‌پێی راپۆرتێك كه‌ سایتی ئه‌لعاله‌م بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ خۆپیشانده‌ران له‌شاره‌كانی دیكه‌شه‌وه‌ به‌شداری له‌و خۆپیشاندانه‌ی به‌غدا ده‌كه‌ن.

له‌و راپۆرته‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر زۆره‌ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌نێكی گومانلێكراوه‌وه‌ بقۆزرێته‌وه‌ و ئاڕاسته‌ی خۆپیشاندانه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ ببرێت كه‌ له‌دژی حه‌شدی شه‌عبی بێت.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق رێوشوێنی توندیان گرتووه‌ته‌به‌ر له‌ به‌غدای پایته‌خت و چه‌ندین یه‌كه‌ی ئه‌منی له‌ گۆڕه‌پانه‌ جیاجیاكان بڵاوه‌یان پێكراوه‌.

هاوكات كه‌ناڵی سكای نیوزی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرسی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقه‌وه‌ ئاشكرایكرد كه‌ فه‌رمان دراوه‌ به‌ پاشه‌كشێپێكردنی سه‌رجه‌م هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ به‌غدا ئه‌وه‌ش بۆ رێگری له‌ دروستبوونی توندوتیژی.

له‌ هه‌نگاوێكیشكدا بۆ رێگری له‌ دروستبونی گرژی دوێنێ دووشه‌ممه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكوه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق وه‌ك فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان فه‌رمانیدا به‌ رێگری له‌ده‌ستوه‌ردانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ پرسه‌ ئه‌منییه‌كاندا .

ئه‌وه‌ی زیاتر مه‌ترسی دروستبونی گرژی زیاتر كرد هۆشداریه‌كه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا بوو له‌ عێراق كه‌ تیدایدا داوای له‌ هاووڵاتیانی كردووه‌ له‌ به‌غدا له‌ ماڵ و شوێنی كاره‌كانیان نه‌چنه‌ده‌ر.