هۆشداری ده‌درێت به‌ خۆپیشانده‌ران نه‌چنه‌ ناوچه‌ی سه‌وزه‌وه‌

10/12/2019 - 11:43 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

خۆپیشاندانی پێنج ملیۆنی له‌ شاری به‌غدا ده‌ستی پێكرد و هۆشداریان پێدراوه‌ نه‌چنه‌ ناوچه‌ی سه‌وزه‌وه‌.

دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌یان ده‌ستنیشان كرد بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانێكی ئێجگار گه‌وره‌، كه‌ به‌ ووته‌ی خۆیان به‌ "خۆپیشاندانی پێنج ملیۆن"ی مه‌زه‌نده‌یان‌ كردووه‌، هۆشداریان پێدراوه‌؛ نه‌چنه‌ ناوچه‌ی سه‌وز و به‌ چوونیان بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌ خوێنرشتنێكی زۆر ئه‌نجامده‌درێت.

فایه‌ق شێخ عه‌لی، ئه‌مینداری گشتی حزبی گه‌ل بۆ چاكسازی، له‌ تویتێكدا بۆ خۆپیشانده‌ران هۆشداریدا و ووتی: " مه‌رۆنه‌ ناو ناوچه‌ی سه‌وز، ئه‌وێ كۆتایی خۆپیشاندانه‌كه‌تانه‌. خۆپیشانده‌ران، له‌ بنكه‌ و دام و ده‌زگا حكوومییه‌كان نزیك مه‌بنه‌وه‌، پاراستنیان ئه‌ركی ده‌سه‌ڵات و ئاسایشه‌ نه‌ك ئێوه‌. هه‌موو ئه‌وانه‌ی هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران له‌ دز و گه‌نده‌ڵه‌كانن، وازیان لێبێنن با بكوژان خۆیان خۆیان بكوژنه‌وه‌.

ئه‌مه‌و له‌ كاتێكدا خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ری له‌ 25ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌م ساڵ له‌ شاره‌كانی باشووری عێراق ده‌ستی پێكرد و تاكو ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆر قوربانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و خۆپیشانده‌ران سوورن له‌سه‌ر جێبه‌جێبوونی داواكارییه‌كانیان.