"ئەگەر هەیە عادل عەبدولەمەهدی پۆستەکەی وەربگرێتەوە"

15/01/2020 - 15:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

پەرلەمانتارێک له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر هەیە پەرلەمانی عێراق جارێکی دیکە متمانە بە عەبدولمەهدی بداتەوە.

حەسەن ئاڵی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، دوای دەست لەکار کێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی لە سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق، خۆپیشاندەران هەموو کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکی حکوومەتی عێراقیان رەت کردووەتەوە.

حەسەن ئاڵی پێی وایە ئەگەر هەیە جارێکی دیکە پۆستی سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق بە ادل عەبدولمەهدی بسپێردرێتەوە، چونکە هەتا ئێستا کەسێکی شایستە و جێی رەزامەندیی هەموو لایەنەکان و خۆپیشاندەران بۆ جێگرتنەوەی، نەدۆزاوەتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە به‌ (باسنیوز) ی ڕاگه‌یاند "لە ئەگەری دووبارە متمانەبەخشین بە عادل عەبدولمەهدی، رایگەیاند، ئەو پۆستە پۆستی شیعەکانی عێراق و کورد هیچ گرفتێکی نییە ئەگەر دووبارە بە عەبدولمەهدی بدرێتەوە".

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.