ئه‌مریكا به‌بڕى 250 ملیۆن دۆلار هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانى بۆ عیراق كه‌مده‌كاته‌وه‌

15/01/2020 - 17:22 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

رۆژنامه‌ى وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئه‌مریكى ئاشكرایكرد، له‌ئێستادا وه‌زاره‌تى به‌رگرى و ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌كه‌یان پێداچونه‌وه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى هاوكاریه‌ سه‌ربازیه‌كانى عیراق به‌بڕى 250 ملیۆن دۆلار ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌غدا بڕیارى كۆتاییهێنان به‌ بونى سه‌ربازى بیانى له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ى بدات، ئه‌وا كه‌مكردنه‌وه‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.


رۆژنامه‌كه‌ له‌راپۆرتێكدا سه‌باره‌ت به‌ بڕیارى حكومه‌تى عیراقى بۆ كۆتاییهێنان به‌ بونی هێزى بیانى له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ى و كاردانه‌وه‌كانى واشنتۆن، نوسیویه‌تى "وه‌زاره‌ته‌كانى ده‌ره‌وه‌ و به‌رگریى ئه‌مریكا گفتوگۆیان له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ى هاوكاریه‌ سه‌ربازیه‌كانى عیراق به‌بڕى 250 ملیۆن دۆلار كردوه‌، هه‌روه‌ها چاو به‌ هاوكاریه‌ ئابوریه‌كانیشدا ده‌خشێننه‌وه‌".


رونیشكراوه‌ته‌وه‌، نوسینگه‌ى كاروبارى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ داواكاریه‌كى پێشكه‌شى كۆشكى سپى كردوه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ بڕى 100 ملیۆن دۆلاری هاوكاریی ساڵى 2021ی عیراق ببڕن، ئه‌وه‌ش به‌هۆى بارودۆخى ئێستای ئه‌و وڵاته‌وه‌ هاتوه‌ته‌ئاراوه‌.


ته‌ئكیدیشكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ بڕیارى كۆتایى له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌دراوه‌، به‌ڵام گه‌وره‌ به‌رپرسانى دارایى فه‌رمانى ئه‌وه‌یان كردوه‌ چاو به‌و پاره‌یه‌دا بخشێنرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر عیراق داواى رۆیشتنى هێزه‌كانى ئه‌مریكاى كرد.


لاى خۆیشیه‌وه‌ به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا به‌رۆژنامه‌كه‌ى وتوه‌، به‌رده‌وام پێداچونه‌وه‌ به‌ هاوكاریه‌كانیاندا ده‌كرێت، بۆئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانیاندا بگونجێت و پاره‌ى باجده‌رانى ئه‌مریكا سودى راسته‌قینه‌ى هه‌بێت.