به‌فر ھاتووچۆی ئۆتۆمبێل و ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌ ده‌روازه‌یه‌ك پەك ده‌خات

23/01/2020 - 16:30 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

به‌ھۆی بەفربارین و كڕێوە و خێرایی ئاستی باوە رێگەی نێوان تەمەرچیان و پیرانشاری رۆژھەڵاتی كوردستان داخرا و ھاتووچۆی ئۆتۆمبێل و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران پەكیكەوتووە.

گەشتەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران وەستاون و بەهۆی زۆریی بەفربارینەوە رێگەی دەرچوونی ئۆتۆمبێل نییە.

مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی گومرگی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رایگەیاند:" لەلایەن تیمەكانی ھەرێمی كوردستانەوە تاوەكو دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران  بەفری سەر رێگەكە راماڵدراوە و ھاتووچۆكردن ئاساییە، بەڵام لەودیو سنووری ئێرانەوە رێگەی نێوان تەمەرچیان و پیرانشار بە بەفر داخراوە و ئاڵوگۆری بازرگانی و گەشتیاری وەستاوە. " وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.

ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای چۆمان رایگەیاند، لە دیوی هەرێمی كوردستان رێگەكە لە بەفر خاوێنكراوەتەوە هیچ كێشەیەكی نییە، بەڵام لە دیوی ئێران رێگەكە خاوێن نەكراوەتەوە.  لە سنووری حاجی ئۆمەران نزیكەی 70 سانتیمەتر بەفر باریوە، لە شوێنێك و بۆ شوێنێكی دیكەش جیاوازە، بەڵام رێگەی دیوی هەرێمی هەرێمی كوردستان پاككراوەتەوە و كێشەی نییە، كێشەكە لە دیوی ئێرانە.

سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی گومرگی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران داواكارە لە گەشتیاران تاوەكو كردنەوەی رێگەكە كە رەنگە تاوەكو رۆژی شەممە بەردەوامبێت، گەشتەكانیان دوابخەن و رێگەی دەرچوونی ئۆتۆمبێل نییە.