سەدر پشتیوانی لە بەرهەم ساڵح دەكات

23/01/2020 - 17:00 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

سەركردەیەك لە هاوپەیمانی سائیرون كە لەلایەن ڕەوتی سەدرەوە سەرپەرشتی سیاسیەتەكانی دەكرێت، پشتگیریی و پشتیوانی هاوپەیمانییەكەی بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق دەردەبڕێت و ڕێگری خۆی بۆ هەموو جموجۆڵێك دووپاتدەكاتەوە كە بۆ كێشانەوەی متمانە لێی ئەنجام بدرێت.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، ڕەعد مەكسوسی، سەركردە لە هاوپەیمانی سائیرون، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە”بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، پارێزەری دەستور و سەروەریی و پارێزەری شۆڕشگێڕانە، ئێمە دژ بە هەموو جموجۆڵێكی سیاسی یان پەرلەمانی دەبینەوە بۆ كێشانەوەی متمانە لە سەرۆك كۆمار، پێشتریش پشتگیریمان لێكرد كاتێك هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەی كرد”.

بە وتەی مەكسوسی”هاوپەیمانی سائیرون دژ بە هەموو جموجۆڵێك دەوەستێت بۆ كێشانەوەی متمانە لە بەرهەم ساڵخ سەرۆك كۆماری عیراق، پشتیوانی لە مانەوەی دەكات لە پۆستە و پێگەی خۆی كە لەگەڵ عیراق و بەرژەوەندی باڵای گەلی عیراقدایە، بۆیە ئیمە پشتیوانی دەكەین”.

پێشتر پەیجێكی نزیك لە موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر، وێنەیەكی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری بڵاوكردبووەوە كە هاشتاگی پشتیوانی لەگەڵدا هاوپێچ كردبوو.