خەزعەلی: هەینی شۆڕش به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا بەرپادەكەین

23/01/2020 - 17:06 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق داوای ئەنجامدانی خۆپیشاندانێكی سەرتاسەری لە عیراق دەكات لە دژی ئەمریكا و بە شۆڕش ناوی دەبات.

قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق داوا لە گەلی عیراق دەكات:”ڕۆژی هەینی داهاتوو خۆپیشاندان بكەن و شۆڕش بەرپابكەن لە دژی داگیركاریی ئەمریكا”.

خەزعەلی ئاماژەبەوەشدەدات:”هەمووان لە ئامادەباشیدابن بۆ خۆپیشاندان لە ڕۆژی هەینیدا بۆ گەیاندنی پەیامێك بە هەموو جیهان و پەیامەكەتان بۆ هەموو جیهان ئەوە دەبێت كە به ‌هیچ شێوەیەك سەرشۆڕی و ملكەچی و دوژمنكاریی قبووڵ ناكەن”.

ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق دەشڵێت:”پەیامەكەمان بۆ جیهان بریتی دەبێت لەوەی كە گەلێكی قارەمان هەن كە شكستیان بەداگیركاریی ئەمریكایی هێناوە”.

لەبارەی ئەوەی ئەمریكا ڕەتیكردەوە هێزەكانی لە عیراق بكێشێتەوە، قەیس خەزعەلی ڕایگەیاند:”ئەمریكا بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی شكاند، بەمەش عیراق بووە وڵاتێكی داگیركراو. با ئەمریكا باش بزانێت پیاوانی شۆڕش لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەمریكا بۆ ڕەتكردنەوەی بڕیاری سیاسی و جەماوەری و نەكشانەوەیان لە خاكی عیراقدا”.