وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق توورەدەبێت

16/02/2020 - 15:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق توڕەبوە، و هەرەشەی ئەوەی كردوە چیتر رێنادەن عێراق بازرگانی لەگەڵ ئێراندا بكات.
رۆژنامەی "شەرق ئەلئەوسەت" لەزاری بەرپرسێكی عیراقییەوە لە راپۆرتێكدا سەبارەت بە گرژییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا بڵاویكردووەتەوە: مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، كاتێك دوای هێرشە موشەكییەكانی سەر بنكە سەربازییەكانیان، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق ئەنجامداوە، دەنگی بەسەردا بەرزكردۆتەوە و لێی توڕە بووە.
بەرپرسە عیراقییەكە ئاشكراشیكردووە، پۆمپیۆ هەرەشەی ئەوەی لە عەبدولمەهدی كردووە، ئەگەر هێرشی دیكە بكرێتە سەر بنكە سەربازییەكانیان، چیتر ئەمریكا عیراق نابورێت لە سزاكانی سەر ئێران.
كۆنەبوونەوەی مایك پۆمپیۆ لەگەڵ محەمەد ئەلحەكیم وەزیری دەرەوەی عیراقیشی لەچوارچێوەی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، وەكو ئاماژەیەك بۆ خراپی پەیوەندییەكانی بەغدا و واشنتۆن وەسفكردووە، لەكاتێكدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەهەمان كۆنفرانسدا لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبۆتەوە.
رۆژنامەكە ئاشكراشیكردووە، ئەمریكا لە هێواش هەنگاونانی عێراق بۆ واژۆكردنی بەڵێننامەی بازرگانی لەگەڵ گەورە كۆمپانیا ئەمریكییەكانی بواری ووزە نیگەرانە و پێیان وایە عێراق دەیەوێت لەو بوارەدا زیاتر لەگەڵ ئێراندا مامەڵە بكات.