لەسەر پێكهێنانی حکوومەت بەبێ کورد و سوننە كوتلەیەكی عەرەبی هاتە دەنگ

23/02/2020 - 09:59 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

سەرۆکی کوتلەیەکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو ناتوانێ بەبێ کورد و سوننە، حکوومەتەکەی پێک بهێنێت.

لە بەیاننامەیەکدا هیشام سوهێل، سەرۆکی کوتلەی (ئەلوەتەن)  رایگەیاندووە: عێراق بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێ و داوای لە محەمەد عەللاوی کردووە پەلە نەکات.

هیشام سوهێل بەپێویستی دەزانێ محەمەد عەللاوی جارێکی دیکە دەست بە گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان بکاتەوە.

ناوبراو  ئاماژەی بەوەش كردوە: محەمەد عەللاوی ناتوانێ بەبێ دوو پێکهاتەی سەرەکیی عێراق، کەمەبەستی کورد و سوننەیە، حکوومەت پێک بهێنێت.

شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.

عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.