عامری داوایەك له‌ كورد و سوننه‌ ده‌كات

23/02/2020 - 11:03 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتیی فه‌تح داوا له‌ كورد و سوننه‌ ده‌كات هاوكاربن بۆ ده‌نگدان به‌ كابینه‌كه‌ی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی و تێپه‌ڕاندنی ئه‌و قه‌یرانه‌.

هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتیی فه‌تح له‌ رێوره‌سمێكدا به‌ بۆنه‌ی چله‌ی ماته‌مینیی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، وتارێكی پێشكه‌شكردووه‌ و رایگه‌یاندووه‌: هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان عه‌للاوییان سه‌رپشككرد بۆ ده‌ستنیشانكردنی وه‌زیرانی كابینه‌كه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی پشكپشكێنه‌، بۆیه‌ داوا له‌ پێكهاته‌كانی سوننه‌ و كورد ده‌كه‌م هاوكاربن بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و قه‌یرانه‌.

ئاماژەی بەوەشكردوە: لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان جددین له‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی نوێ، كه‌ توانای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شكۆی هه‌بێت بۆ ده‌وڵه‌ت و ئاسایش دابینبكات و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ئه‌نجامبدات، چونكه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ ئامرازه‌كانی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه‌ن بۆ پرۆسه‌ی سیاسیی عیراق.

 لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەوە كورد و سوننه‌ ده‌یانه‌وێت خۆیان كاندیده‌كانیان له‌ناو كابینه‌كه‌دا هه‌ڵبژێرن، به‌ڵام عه‌للاوی رازی نییه‌ و سوره‌ له‌سه‌ر ده‌ستنیشانكردنی ته‌واوی كاندیده‌كان له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌.