دوا زانیاری لەبارەی بەغدادی ئاشكرا دەكرێت

دوو شەممە, 17 تەمموز 2017 05:39

 

 

بەڕێوەبەری بەشی هەواڵگری وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، كە ئەبوبەكر بەغدادی زیندووەو لە سوریایە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویكردۆتەوە، بەپێی زانیارییە وردەكانی ئەوان (ئەبوبەكر بەغدادی) سەرۆكی گروپە چەكدارەكانی داعش نەمردووەو هێشتا زیندووە.

هەروەها ئاماژە بەوەشدراوە كە هێزە ئەمنییەكانی عێراق توانیویانە ژنێكی مەترسیداری ناو داعش دەستگیربكەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق (ئەبوبەكر بەغدادی) هێشتا زیندووەو لە ئێستادا لە سوریایەو لە دەرەوەی شاری ڕەققە خۆی حەشارداوە، ڕۆژنامەی سەباح لە زاری (ئەبو عەلی بەسری) بەڕێوەبەری بەشی هەواڵگری ئەم وەزارەتە ئاماژەی داوە كە سەرۆكی داعش لە سوریایەو نەمردووەو زیندووە.

ئەو باسیشی لەوەكردووە، بەپێی زانیارییە وردەكانی ئەوان بەغدادی زیندووەو هەواڵی مردنی ئەم تیرۆریستە ناڕاستە.

هەروەها جەختیش لەوەكراوەتەوە كە دوای ئازاد بوونی موسڵ هەموو جیهان تێدەگەن كە داعش تەنیا بۆ عێراق مەترسی نەبووەو هەڕەشە لە هەموو جیهان دەكات.

بەسری هۆشداری ئەوەشیداوە، كە داعش ئەندامانی خۆی لە سوریاوە بۆ توركیا دەنێرێت و دواجار لەوێوە بۆ سەرتانسەری جیهان ڕەوانەیان دەكات، ئەوان بەو پارەی كە لە عێراق و سوریا دەیدزن هەڕەشە لە جیهان دەكەن و كاری تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.

 

ئـ . كـ