حکومەتی عێراق لە بارەی موچەوە رونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە

شەممە, 12 ئاب 2017 09:04

 

ژمارەی موچەخۆرانی عێراق گەیشتوەتە حەوت ملیۆن كەس و مانگانە پێویستیان بە چوار ترلیۆن دینار هەیە وەك موچەی مانگانە و حكومەتیش دەستی كردووە بە "سیاسەتی سكهەڵگوشین" و كەمكردنەوەی خەرجییەكان، ئەمەش بە وتەی وتەنێژی حکومەت.

سەعد حەدیسی وتەبێژی فەرمی حكومەتی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشكردووە، حكومەتی عێراق بێجگە لە پارەی مانگانەی فەرمانبەرانی پارەی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانی وەك تەندروستی، پەروەردە، هاوكاری جوتیاران و پارەی بەڵێندەران دابین دەكات لەگەڵ هاوكاریكردنی ئاوارەكان.

حەدیسی لە بەشێكی تری قسەكانیدا باسی لەوەكردووە، حكومەت سەركەوتوو بووە لە پشتنەبەستی تەواوەتیش بە داهاتی نەوت، بەشێوەیەك ساڵی داهاتوو بودجەی گشتی 85% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.

لە ماوەی رابردوودا لیژنەی دارایی و وەبەرهێنانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوتەوە، حكومەتی عێراق دەتوانێت بەبێ كێشە موچەی فەرمانبەران دابین بكات.