سەرۆك كۆماری عێراق لەسەر ڕیفڕاندۆم هاتە دەنگ

شەممە, 09 ئەیلول 2017 07:49



سەرۆكایەتی كۆماری عێراق وەڵامی ئەو كەسانە دەداتە كەلەسەر پرسی ڕیفڕاندۆم ڕەخنە لە سەرۆك كۆمار دەگڕن و ڕایدەگەیەنێت تەواوی هەوڵەكانی دەخاتە گەڕ بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكان لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكان و داواكاریی بۆ دیالۆگی زیاتر لەپێناو كۆتایی هێنان بە كێشە هەڵپەسێراوەكان.


لە بەیاننامەی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك كۆماری عێراقدا رەخنەی لەو لێدوانە پەرلەمانی و میدیاییانە گرت كە دور لەبەرپرسیاریەتی بڵاو بووەتەوە، مەرامێكی دزێویشی لەپشتەوەیە دژی سەرۆك كۆمار د. فوئاد مەعسوم، لە دەرەنجامی جیاوازیی هەڵوێستەكان لەئاست بابەتی ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان، دووپاتیشی كردووەتەوە كە بەڕێزیان زۆر پەرۆش و پەیوەستە بە كۆدەنگی عیراقییەكان لەپێناوی زامنكردنی جێبەجێكردنی بەند و بڕگەكانی دەستور نەك چونە پاڵ لایەنێك دژی لایەنێكی تری پرۆسەی سیاسیی.

هەروەها دووپاتی دەكاتەوە كە سەرۆك كۆمار تەواوی هەوڵەكانی دەخاتە گەڕ بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكان لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكان و داواكاریی بۆ دیالۆگی زیاتر لەپێناو كۆتایی هێنان بە كێشە هەڵپەسێراوەكان، جەختیش دەكاتەوە كە پاراستنی دەستور و چاودێریكردنی جێبەجێكردنی بەندەكانی لەریزی پێشەوە داناوە، ئاماژەیشی كردوە كە سەرۆك كۆمار وتەبێژێكی سیاسیی نییە تا رۆژانە روانینی خۆی دەرببڕێت لەسەر روداو و پێشهاتەكان لەبوارە نیشتمانیی ئیقلیمیی و نێو دەوڵەتیدا.

لە بەشێكی بەیاننامەكەدا هاتووە " بایەخدانی سەرۆك كۆمار بە دیالۆگ چڕترە، لە نێوان لایەنەكانی پرۆسەی سیاسی و تەواوی عیراقییەكان بۆ چارەسەركردنی هەر كێشەیەكی هەڵپەسێردراو و هەنوكەیی"