هه‌وڵی وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق ده‌درێت

سێ شەممە, 12 ئەیلول 2017 14:41

 

په‌رله‌مانتارێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 12ی ئه‌لولی2017 ، له‌ په‌رله‌مانی عێراق واژوو بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌ پۆسته‌كه‌ی، كۆ كراوه‌ته‌وه‌.

سادق لوبان، ئه‌ندامی فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ په‌رله‌مانی عێراق، ڕایگه‌یاند: واژوومان كۆ كردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فشار بخه‌ینه‌ سه‌ر سه‌رۆك كۆمار به‌مه‌به‌ستی خستنه‌ڕووی هه‌ڵوێستی خۆی له‌ باره‌ی ئه‌نجامدانی پرسی ڕیفراندۆم.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا جه‌ختیشیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر فوئاد مه‌عسوم، بۆچوونی خۆی ڕانه‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وكات په‌رله‌مان په‌نا ده‌باته‌ به‌ر ده‌نگدان بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ و لابردنی له‌ پۆسته‌كه‌ی.

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، تارق حه‌رب، یاساناس و شاره‌زا له‌ ده‌ستووری عێراقی، ڕایگه‌یاند: ده‌ستووری عێراق ده‌سه‌ڵاتی به‌ په‌رله‌مان داوه‌ سه‌رۆك كۆمار له‌ پۆسته‌كه‌ی لابدات، به‌ڵام به‌ مه‌رج، واتا دوای ئه‌وه‌ی له‌ دادگای فیدڕاڵی سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار ده‌كرێت و دوای دادبینیكردنی سكاڵاكه‌، ئه‌وكات په‌رله‌مان ده‌توانێت ده‌نگی له‌سه‌ر بدات.

تارق حه‌رب ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پرۆسه‌ی له‌سه‌ركارلادنی سه‌رۆك كۆمار له‌ پۆسته‌كه‌ی به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران، قورسه‌ و پێناچێت به‌ ئاسانی بتوانرێت ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجام بدرێت، به‌دووری ده‌زانم په‌رله‌مان بتوانێت سه‌رۆك كۆمار له‌ پۆسته‌كه‌ی دوور بخاته‌وه‌.

 

ش.م