بانکی ناوەندیی عێراق پێنج ملیار دۆلار قەرز دەداتە هاولآتيان

چوار شەممە, 13 ئەیلول 2017 04:42

بانکی ناوەندیی عێراق بڕی پێنج ملیار دۆلاری تەرخانکردووە بۆ ئەوەی لە رێگەی بانکە حکومی و تایبەتەکانەوە بیداتە هاونیشتمانیان بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی بچووک و مامناوەند، قەرزەکە هیچ سوودێکی ناچێتە سەر تەنها کرێی خزمەتگوزارییە کە لە قەرز وەرگرەکە وەردەگیرێت، کە 5.5% کۆی گشتی قەرزەکەیە.

بازاڕی هەولێر بۆ کاخەزە داراییەکان نوێنەرایەتی یەکێتی بانکە تایبەتەکانی عێراق دەکات بۆ ئەم پرۆژەیە، بەشێکیش لەبانکەکانی باشووری کوردستان خۆیان تۆمارکردووە بۆ وەرگرتنی قەرزەکە لە بانکی ناوەندیی عێراق، بۆ ئەوەی دواتر بیدەنە ئەو هاونیشتمانیانەی کە پرۆژەیان هەیە و پێویستیان بە قەرزە.

ریحاب مەتی حەنا، بەڕێوەبەری بەشی پێدانی قەرز لە بانکی موسڵ دەڵێت "ئەم جۆرە قەرزانە سوودێکی زۆری بۆ کۆمەڵگا هەیە چونکە خزمەتی ئەو چینە دەکات کە کرنگی بە پرۆژە بچووک و مامناوەندەکان دەدات، لەم کاتەشدا ئەو جۆرە پرۆژانە پێویستیان بە لایەنێکە هاوکاریان بکات بۆ ئەوەی رزگاریان بێت لەو قەیرانەی کە تێیدان، قەرزەکانی لای ئێمە تا 50 ملیۆن دینار دەبێت، ئەگەر پێویستت بە شەش ملیۆن یان10 ملیۆن یان 15 ملیۆن بێت دەتوانینت وەریبگریت، قەرزەکە بەپێی پێویستی قەرزوەرگرەکە و پرۆژەکەی دەبێت کە پێویستی بە چەند پارەیە، پێشمان باشە کە هاووڵاتیان سەردانی بانکەکان بکەن بۆ ئەوەی رێنمایی پێویستیان دەسبکەوێت بۆ وەرگرتنی قەرزەکە".

هەریەکە لە بانکەکانی جیهان و کوردستان کارەکانیان تەواوبووە و بڕی دوو ملیار دیناریان وەرگرتووە، هەریەکە لە بانکەکانی ئاڕتی و هەولێریش لەسەروبەندی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکانن بۆ ئەوەی قەرزەکە وەربگرن.

ئامانج لە پێدانی ئەم قەرزانە، بەکارخستنی پرۆژە لەکارکەوتووەکانە کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیانتوانی بەردەوامبن لەکارکردن و ئێستا پێویستیان بە دووبارە پارەدارکردنەوە هەیە بۆ ئەوەی بکەونەوە کار.

ئامانجێکی دیکەی پێدانی ئەم قەرزانە دامەزراندنی پرۆژەی نوێیە و دەستەبەرکردنی هەزاران هەلیکارە کە لەکۆتاییدا کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕ و ئابووری باشووری کوردستان دەبێت.

هەر هاونیشتمانییەک خاوەنی پرۆژەیەک بێت دەتوانێت لە رێگەی بانکە تۆمارکراوەکانی باشووری کوردستانەوە داوای قەرزی تایبەت بکات، کە بڕەکەی لە 10 ملیۆن دینار تا 50 ملیۆن دینار دەستپێدەکات بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا بانکی ناوەندی ئاستی قەرزەکە بەرز بکاتەوە بۆ 100 ملیۆن دینار، لەلایەن هەر یەکە لە یەکێتی بانکە تایبەتەکانی عێراق و بازاڕی کاخەزە داراییەکانی هەولێر راهێنان بەو هاونیشتمانیانە دەکرێت، کە داوای قەرز دەکەن و پاشان لێکۆڵینەوەی کەڵک بۆ پرۆژەکانیان دەکرێت بۆ ئەوەی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی پرۆژەکانیان دەستنیشان بکرێت و هاونیشتمانیان بەکەمترین مەترسی دەست بە پرۆژەکانیان بکەن.

جیاوازی نێوان ئەم قەرزە و سەرجەم قەرزەکانی دیکە لەوەدایە کە ئەم جۆرە قەرزە هیچ سوودێکی بانکی لەسەر نییە، ئەمە جگە لەوەی کە بۆ وەرگرتنی قەرزەکە هاونیشتمانییەکە پێویست ناکات بڕواتە بانکەکە و داوای قەرزەکە بکات، بەڵکو لە رێگەی ماڵپەڕێکەوە بەناوی تەمویل دۆت کۆم دەتوانێت فۆڕمی داواکاری وەرگرتنی قەرزەکە پڕ بکاتەوە و لەلایەن سیستمەکەشەوە ناو و کۆدی نهێنی بۆ بەکارهێنەرەکە دەگەڕێتەوە، تەنها لەماوەی یەک هەفتەشدا دەبێت بانکەکە پێدانی قەرزەکەی پەسەند کردبێت.