عێراق ڕێژه‌ى بڕینی مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران زیاتر ده‌كات

پێنج شەممە, 14 ئەیلول 2017 05:01

ه‌رله‌مانتارێكی سه‌ر به‌ هاوپه‌یمانی نیشتمانی (لایه‌نه‌ شیعه‌كان) دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 13/ 9/ 2017 ئاشكرای كرد، له‌ بودجه‌ی گشتیی ساڵی داهاتووی عێراق، ڕێژه‌ی بڕین له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌، زیاد ده‌كات.


عالیه‌ نسه‌یف، په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی نیشتمانی، ڕای گه‌یاند: "ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی ڕه‌شنووسی یاسای بودجه‌ی گشتیی ساڵی داهاتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دواتر بینیرێت بۆ په‌رله‌مان بۆ په‌سه‌ندكردنی".


ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه‌ پرۆژه‌یاساكه‌ جیاوازییه‌كی زۆری له‌ گه‌ڵ یاساكه‌ی ساڵی پار و ئه‌مساڵدا نییه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت خه‌رجییه‌كان كه‌متر كراونه‌ته‌وه‌.


ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاشكرای كرد، كه‌ به‌پێی زانیارییه‌كان، حكوومه‌ت له‌هه‌وڵدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڕین له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ زیاد بكات بۆ ئه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه‌ی پێ پڕ بكاته‌وه‌، گوتیشی: "ئه‌م ئاماژانه‌ له‌ دیاریكردنی سیاسه‌تی ئابووری وڵات و چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی، مه‌ترسیدارن ".