فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ پاسه‌وانه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی دیاله‌ ده‌ركرا

پێنج شەممە, 19 تشرینی یەکەم 2017 10:49

 

به‌تۆمه‌تی پێشێلكردنی یاسا له‌ خانه‌قین، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ پاسه‌وانه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی دیاله‌ ده‌ركرد.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 19ی تشرینی یه‌كه‌می 2017، كه‌ناڵی عیراقییه‌ بڵاویكرده‌وه‌، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان،‌ فه‌رمانی كردووه‌ به‌ گرتن و لێپرسینه‌وه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك پاسه‌وانی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی پارێزگای دیاله‌.

له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه‌‌، ئه‌و پاسه‌وانانه‌ی فه‌رمانی گرتنیان بۆ ده‌رچووه‌، تۆمه‌تبارن به‌ ئه‌نجامدانی پێشێلكاری یاسایی له‌ خانه‌قین، بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ به‌و پێشێلكارانه‌ بكرێت.

جێگه‌ی باسه‌، رۆژی 17 ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ، هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، پۆلیسی فیدراڵی و سوپای عیراق چوونه‌ ناو شاری خانه‌قین و چه‌ند گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاوكرانه‌وه‌ كه‌ ئه‌و هێزانه‌ جیا له‌ سوتاندنی ئاڵای كوردستان، ده‌ستیان به‌سه‌ر به‌شێك له‌ باره‌گا حزبیه‌كانی ناو ئه‌و شاره‌دا گرتووه‌و دواتریش به‌شێك له‌ هێزه‌كانی پۆلیس و حه‌شدی شه‌عبی به‌ ئاڕاسته‌ی كه‌لار جوڵه‌یان پێكرا، به‌ڵام له‌ بازگه‌ی گرده‌گۆزینه‌ رێگه‌یان لێگیرا و دواتر كشانه‌وه‌.

 

ش.م