له‌باره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عێراق، حكومه‌ت روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

سێ شەممە, 14 تشرینی دووەم 2017 12:54

 

له‌باره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عێراق به‌ڕێژه‌ی 20%، له‌ راگه‌یاندراوێكدا، ئه‌میندارێتی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق، روونكردنه‌وه‌ ده‌دات.

له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ی ئه‌میندارێتی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقدا هاتووه‌، به‌هه‌موو شێویه‌ك ئه‌و لێدوانانه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌باره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عێراق به‌رێژه‌ی 20% بڵاوكراونه‌ته‌وه‌.

جێگه‌ی باسه‌، پێشتر، له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، مه‌سعود حه‌یده‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران رایگه‌یاند: به‌گوێره‌ی هه‌ندێك زانیاری نیمچه‌ فه‌رمی، حكومه‌تی عێراق رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و بانكی نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ره‌زامه‌ندی پیشانداوه‌ له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌رێژه‌ی 20%.

له‌وه‌ڵامی قسه‌كانی ئه‌م په‌رله‌مانتاره‌، ئه‌میندارێتی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ پرۆژه‌ بودجه‌ی گشتی بۆ ساڵی 2018دا نه‌هاتووه‌و لێدوانی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ش دووره‌ له‌ راستی.

 

ش.م