عەبادی نامەیەكی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان

پێنج شەممە, 07 کانونی یەکەم 2017 07:45

 


بەرپرسێكی باڵای حەشدی شەعبی ئاشكرای دەكات كە بەم دواییانەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق نامەیەكی ئاڕاستەی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ سەربازیەكان و چاوەڕوانی وەڵام دەكات و ڕایدەگەیەنێت بەغدا داوایەكی هەولێری ڕەت كردۆتەوە بۆ بوونی یەك پێشمەرگە بەرامبەر بە سێ سەربازی سوپای عێراقی لە فێشخاپور.


ئەبو وەلا‌ وەلائیی ئەمینداری گشتی كەتیبەكانی سەیدول شوهەدا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند گفتوگۆ سەربازیەكانی نێوان بەغدا و هێزی پێشمەرگە بەهۆی جەنگی ئازادكردنی قەزای قائیم و ڕۆژئاوای ئەنبار ڕاگیران و ئێستاش حەیدەر عەبادی نامەیەكی ناردووە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی گفتوگۆكان دەستپێبكاتەوە.


وتیشی: لە دوو كۆبونەوەی شاندی بەغدا و هەرێم بەشداری كردووە لە یەكەم كۆبونەوە بێ هیچ گرفتێك بەنداوی موسڵ و بەعشیقەمان لە پیشمەرگە وەرگرتەوە و لە دانیشتنی دووەمیش دا سەرجەم سنوری ئیداری پارێزگای موسڵمان وەرگرتەوە".


ئاشكراشی كرد: لە كۆبونەوەكاندا لایەنی كوردی بێ هیچ پێداگریەك ئەو ناوچانەیان ڕادەستكردین بەڵام سەبارەت بە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و فیشخاپور داوای ئیدارەی هاوبەشی ناسراو بە 1: 3 یان دەكرد واتە بوونی یەك پێشمەرگە بەرامبەر بە سێ سەربازی عێراقی بەڵام لایەنی عێراقی ئەوەی ڕەتكردۆتەوە ".


ئاشكراشی كرد بەغدا داوا دەكات بوونی پێشمەرگە تەنها ڕەمزی بێت وەك دڵنیاییەك بۆ هاوڵاتیانی كورد بۆ ئەوەی ماڵ و حاڵی خۆیان جێ نەهێڵن.