عەبادی ئەم پارێزگارە لە پۆستەكەی لادەدات

هەینی, 29 کانونی یەکەم 2017 11:26

 

 

سەرۆك وەزیرانی عێراق، داوا لە (نەوفل حەمادی) پارێزگاری نەینەوا دەكات دەستبەرداری پۆستەكەی بێت.

لە نوسراوێكیدا‌ كە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا – نوسینگەی سەرۆكی ئەنجوومەن كراوە، تێیدا هاتووە : سەرۆك وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێشنیاری ئەنجوومەنەكەتان بە زۆرینەی دەنگ بۆ دەستهەڵگرتنی پارێزگاری نەینەوا (نەوفل حەمادی سوڵتان) لە ماوەی (60) رۆژدا، بەپێی ماددەی (17) یەكەم لە یاسای رێكخستنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتی ژمارە (14) ساڵی (1991) ی هەمواركراو بۆ گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانەی كە پێویستن.

ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە (11/1) لە كۆبوونەوەیەكدا كە لە قەزای ئەلقوش لە باكوری موسڵ بەڕێوەچوو، بە كۆی دەنگی ئامادەبوونی كۆبوونەوەكە بڕیاریدا بە دورخستنەوەی (نەوفل حەمادی سوڵتان) پارێزگاری نەینەوا لە پۆستەكەی.

ئەوكات (بنیان جەربۆ) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ كەركوك ناو رایگەیاندبوو، دوای خستنەڕووی دۆسیەكانی تایبەت بە لێپرسینەوە لە پارێزگار، ئەنجوومەن باوەڕی بەوەهێنا بە هەدەردانی ماڵی گشتی هەیە لە دۆسیەی ئاوارەكان، جگە لەبێڕێزیكردنی پارێزگار بە ئەنجوومەن ‌و ئامادەنەبوونی لە كۆبونەوەكان‌ و چەند پرسێكی دیكە.

 

 

ئـ . كـ