به‌غداش له‌سه‌ر ناردنی مووچه‌ی په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی دڵنیایی ده‌دات

یەک شەممە, 31 کانونی یەکەم 2017 19:34

 

لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کەی هه‌رێم و به‌غدا بۆ وردبینی له‌ لیستی مووچەی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی هه‌رێم پێكهێندراوه‌، كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ به‌غدا كۆده‌بێته‌وه‌و ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌كه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت: دوای ته‌واوبوونی وردبینی له‌ناوه‌كان، مووچه‌ ره‌وانه‌ ده‌كه‌ین.

رۆژی 21ی ئه‌م مانگه‌، دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق، لیژنه‌یه‌كی حه‌وت كه‌سی پێكهێناوە بۆ وردبینی له ‌ناوی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی هه‌رێم، كه‌ نوێنه‌ری هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كه‌ی هه‌رێمیش له‌ لیژنه‌كه‌دا ئه‌ندامن.

 

ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌كه‌، كه‌ سه‌ربه‌ حكومه‌تی عیراقه‌، به snn راگه‌یاندووە: "هاوئاهه‌نگیی‌ ته‌واویان له‌گه‌ڵ دوو نوێنه‌ره‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا هه‌یه‌ بۆ وردبینیكردن له‌ لیستی په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستیی هه‌رێمدا.

 

جەختی لەسەر ئەوەش کردۆتەوە کە به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا، هه‌ردوو نوێنه‌ره‌كه‌ی هه‌رێم دێنه‌ به‌غداو ئامارو لیستی ته‌واوی فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ش له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌هێنن، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌كه‌ش له‌به‌غدا به‌ڕێوه ‌ده‌چێت و دواتر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ دیكه‌ له‌ هه‌رێم ئه‌نجامده‌ده‌ن.

 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌كه‌، دڵنیاییش دەداتە فەرمانبەران و مامۆستایان کە دوای ته‌واوكردنی وردبینییه‌كه‌، به ‌زووترین كات مووچه‌ی ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ی هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌كرێت و ئاماژه‌ش به‌وه دەدات كه‌ حكومه‌تی عیراق بۆ ره‌وانه‌كردنی مووچه‌، پشت به‌ لیستی بایۆمه‌تریی مووچه‌ ده‌به‌ستێت كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌.

 

ئەوەشی ئاشکراکردووە کە لیستی‌ ناوی‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌ره‌وه‌ده‌ كێشه‌یه‌كی‌ ئه‌وتوی‌ تێدا نه‌بێت و ته‌نها وردبینی‌ له ‌ژماره‌كه‌یاندا ده‌كرێت.