ئاوەدانكردنەوەی ناوچە رزگاركراوەكان دەیان تریلیۆن دیناری پێویستە

دوو شەممە, 01 کانونی دووەم 2018 06:07

 

 

ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بنیاتنانەوەو چاككردنەوەی ژێرخانی ئابووری ناوچە رزگاركراوەكان دەیان تریلیۆن دیناری پێویستە.

(مەهدی عەلاق) ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەڕێگەی لێكۆڵینەوە مەیدانییەكانەوە بڕی ئەو زیانانەی بەر ژێرخانی ئابوری ناوچە رزگاركراوەكان كەوتوون، دیاریكراون كە چاككردنەوەیان (90) تریلیۆن دیناری پێویست دەبێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، سەرباری ئەوەی زیاتر لە نیوەی ئاوارەكان گەڕێندراونەتەوە ناوچەكانیان، بەڵام تا ناوچە رزگاركراوەكان بە تەواوی ئاوەدان نەكرێنەوە، ناكرێت ئاوارەكان بگەڕێندرێنەوە ناوچەكانیان.

لەبارەی كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی عێراقیش، كە بریارە لە مانگی شوباتدا لە كوێت بەرێوەبچێت، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاندوە، ئامانج لە رێكخستنی كۆنگرەكە بەدەستهێنانی هاوكارییە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوەدانی و سەقامگیری بۆ ناوچە رزگاركراوەكانی عێراق و داواشی لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی كردووە هاوكاری زیاتر بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق پێشكەشی حكومەتی بەغدا بكەن.

 

ئـ . كـ