نوسینگەی عەبادی هەواڵێک دەربارەی موچە رەتدەکاتەوە

چوار شەممە, 17 کانونی دووەم 2018 17:35

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ چوار شەممە فەرمانیکرد بە لێکۆڵینەوە بە پەلە لەو نوسراوەی، کە گوایە لەلایەن ئەمیندارییەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووە، سەبارەت بە ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەران تا کارتی دەنگدانی پێدەدرێت.

 لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ نوسینگەی عەبادی ڕایگەیاند، لە کاتێکدا بانگهێشتی هاووڵاتیان دەکرێت بۆ وەرگرتنی کارتی تایبەت بە دەنگدانی هەڵبژاردنەکان، کە ئامانج لێی سەلامەتی و پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانە، لە هەمان کاتدا دڵنیایی دەدەین لەوەی کە بە هیچ شێوەیەک ئەو کارتە پەیوەندی نییە بە موچەی فەرمانبەرانەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، موچە بەردەوامە بەشێوەیەکی سروشتی و هیچ ڕێگریی و مەرجێکی لەسەر نییە.

ئەوە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ چەند ماڵپەڕی کۆمەڵایەتی بڵاویانکردەوە، گوایە ئەمیندارییەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارێکی دەرکردووە، کە ڕێگە نادات بە خەرجکردنی موچەی ئەو فەرمانبەرە هەمیشەییانە و ئەوانەش کە بە گرێبەست کاردەکەن، تا ئەو کاتەی کارتی دەنگدانەکەیان پێدەبێت و لایەنی پەیوەندیدار سەری دەکات.