ئەمریكا هۆشداری بە عێراق دەدات

هەینی, 19 کانونی دووەم 2018 06:02

 

 

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، پاڵپشتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە وادەی خۆیدا دەربڕی و جەختیكردەوە، دواخستنی ئەو پرۆسەیە پێشهاتێكی مەترسیدارەو زیان بە پرۆسەی دیموكراسی دەگەیەنێت.

لە بەیاننامەیەكدا باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا بڵاویكردەوە، وڵاتەكەیان پشتگیری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات ‌و بۆ ئەوەش، هاوكاری پێشكەش دەكات تا گرەنتی دەنگدانی هەموو هاوڵاتیان بكرێت لە نێویاندا نزیكەی (2.6) ملیۆن هاوڵاتی ئاوارە.

هەروەها ئامادەیی نیشانداوە بۆ هاوكاری كۆمسیۆن بە شەش راوێژكاری نێودەوڵەتی تایبەتمەند لە هەڵبژاردن تا پاڵپشت بن لەوەی ئاوارەكان بتوانن لەرێی دەنگدانی ئەلیكترۆنیەوە دەنگ بدەن، لەگەڵ باشكردنی ئیدارەدانی پرۆسەكە لە ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكان و چەند پرسێكی تری تایبەت بە هەڵبژاردنەكان.

هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان ‌و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە (5/12) ی ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانیان لە یەك رۆژدا دیاریكراوە، زیاتر لە (200) حزب و هاوپەیمانی بۆ پرۆسەكە تۆماركراون.

ئەو وادەیە هێشتا جێگیر نییە‌و پەرلەمانی عێراق، لە رێگەی دەنگدانی نهێنییەوە بڕیارە ئەو پرسە یەكلایی بكاتەوە.

فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق دەربارەی هەڵبژاردنەكان بەسەر دوو بۆچووندا دابەشبون، هەندێكیان لەگەڵ ئەوەدان لە وادەی دیاریكراویدا بەرێوەبچێت و بەشێكیشیان داوادەكەن، پرۆسەكە دوابخرێت تا گەڕانەوەی ئاوارەكان تا لە ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكانیش ئەنجامبدرێت.

 

 

ئـ . كـ