موسڵ وەكو ساڵی 2014 ی لێهاتۆتەوەو ئەگەری پەلاماری داعش لەئارادایە

شەممە, 20 کانونی دووەم 2018 08:19

 

 

میدیایەكی عەرەبی ئاماژەی بەوەداوە، كە دۆخی ئێستای موسڵ وەك ساڵی (2014) وایەو ئەگەری دۆڕانێكی دیكە لە موسڵ و گەڕانەوەی داعش لە ئارا دایە.

بەپێی هەواڵێك كە ڕۆژنامەی حەیات بڵاویكردۆتەوەو تییدا نووسیویەتی: دۆخەكی شاری موسڵ بەر لە ساڵی (2014) كە بووە هۆی سەرهەڵدانی داعش جارێكی دیكە بە سەر موسڵدا زاڵ بووەو چەند ناوچەیەكی ئەو شارە لە ئان و ساتی ئەوە دایە كە بكەوێتەوە دەستی داعش.

ئەم ڕۆژنامەیە ئاماژەی بەوەداوە: ماوەیەكە هەواڵی شكستی داعش لە عێراق بڵاوبۆتەوە، ئێستا چەكدارەكان لە پارێزگای نەینەوا بە تایبەت لە سنوری سوریا توانای گرتنەوەی ناوچەكەیان هەیە.

حەیات لە زاری (عەلی بەیاتی) فەرماندەی حەشدی شەعبی لە ناوچەی مێژوویی نەمرود دوڵێت، ئاسایشی شارەكە لاوازەو لەهەر كات بەرەو دۆڕاندنێكی دیكە دەڕوات.

هاوینی ساڵی ڕابردوو شاری موسڵ لە گروپە چەكدارەكانی داعش ئاككرایەوە، بەڵام چەكدارەكانی ئەم شارە ڕایان كردو، خۆیان لەبیابانەكانی موسڵ حەشارداو لەم ناوچانەدا سوود لەپەلامارو هێرش بردن دەبینن.

هەروەها (هیشام هاشـی) شارەزای بواری گروپە چەكدارەكان بۆ هەمان سەرچاوە رایگەیاندووە، چەكدارەكانی داعش چاڵاكن و توانای گرتنەوەی چەند ناوچەو گوندێكیان هەیە، زانیاری هێزەكانی عێراق سەبارەت بەم چەكدارانە كەمە، ئەوەی ڕوو دەدات ئەم بابەتەیە كە چەكدارەكان تەنیا توانای ئەوەیان نییە كە ئاڵاكانیان لەسەر باڵەخانە حكومییەكان هەڵبكەن.

(عاید ویزی) لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەواش وتویەتی: بەپێی ئەو زانیاریانەی لە باشووری موسڵ بە دەستیان گەیشتووە لە چەند ناوچەیەك هێرش كراوەتە سەر خەڵك و تاڵان كراون، زۆربەی هێرشەكان لەلایەن داعشییەكان لە ناوچەكانی جەزیرە، حەزر، تەل عەبتەو نزیك پارێزگای ئەنبار بووە، كێشەكە ئەوەیە كە ناوچەكە ئازاد بووە، بەڵام هەموو داعشییەكان لەناو نەبراون و هەر بەم هۆیەش دۆخەكە وەك ساڵی (2014) ی لێهاتۆتەوە.

 

 

ئـ . كـ