هاوپەیمانی عەبادی و حەكیم بۆ هەڵبژاردنەكان شكستی هێنا

چوار شەممە, 31 کانونی دووەم 2018 06:06

 

 

لایەنێكی تر لە هاوپەیمانی كردن بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق لەگەڵ لیستی سەرۆك وەزیران هاتە دەرەوە.

رەوتی حیكمەی (عەمار حەكیم) و ئیئتیلافی نەسری (حەیدەر عەبادی)، بڕیاریاندا بە دوو لیستی جیاواز بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو بكەن كە بڕیارە لە (5/12) ی ئەمساڵ بەرێوەبچێت.

بە گوێرەی راگەیەندراوێكی هاوبەشی ئەو دوو لایەنە، كە ئیئتیلافی نەسری عەبادی و رەوتی حیكمەی عەمار حەكیمە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی بە جیا بەشداری هەڵبژاردن بكەن و وەك خۆیان ئاماژەی بۆ دەكەن، جیابوونەوەكە جیابوونەوەیەكی تەكنیكییە زیاترو لە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولایە.

رەوتی حیكمە لە (1/14) ی ئەمساڵ بڕیاریدا بچێتە ناو ئیئتیلافەكەی عەبادی، بەڵام لە راگەیەندراوێكدا هەردوولا رایانگەیاند، بە جیا بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەكەن. ئەمەش وا دەكات ویلایەتی دووەمی عەبادی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق قورستر بێت.

لەلایەن خۆشیەوە چاودێرێكی سیاسی عێراقی بۆ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاشكرای كردووە، كە شكستی هاوپەیمانی ئەو دوو لیستە بەهۆی مەرجەكانی لیستی نەسری عەبادییەوە بووە.

 

 

ئـ . كـ