ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە فەرماندەی نوێی پۆلیسی شارەكەی رازی نییە

هەینی, 02 شوبات 2018 07:41

 

 

فەرماندەی نوێی پۆلیسی نەینەوا دەستی بە كارەكانی كرد، ئەوەش بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەكاتێكدا ئەنجوومەنی پارێزگاكە، رازی نییەو ئەو هەنگاوە بە نایاسایی دەزانێت.

پۆستی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا، لەم هەفتەیەدا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە درایە عەمید روكن (حەمەد نامس) لە جێگەی (واسق حەمدانی) سەرباری هەوڵەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ رێگری لەو گۆڕانكارییە بە پاساوی جیاواز.

(حەمەد نامس) فەرماندەی نوێی پۆلیس رایگەیاند، كاردەكەم بۆ هاوكاری خەڵك و پارێزگاری لە كەرامەت و موڵكی گشتی و تایبەتی دەكەم، بەڵێنیشیدا هەوڵ بۆ پاراستنی ئاسایشی نەینەوا بدەن.

فەرماندەی نوێ‌، خەڵكی سنوری شەرگاتە لە باكوری پارێزگای سەڵاحەددین و یەكێك لە هۆكارەكانی ناڕەزایی ئەنجوومەنی پارێزگا، هێنانی كەسێك بوو لە دەرەوەی ناوچەكەیان بۆ ئەو پۆستە.

(بەشار كیكی) سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ كەركوك ناو وتی، ئەنجوومەنی پارێزگا ناڕازییە لە پێدانی پۆستی فەرماندەی پۆلیس بە كەسێكی دەرەوەی پارێزگاكە، بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆش یاسایی نییە.

 

ئـ . كـ