سەدر : بەشداری نەكردن لەهەڵبژاردنەكان، فرۆشتنی وڵاتە بە گەندەڵكاران

شەممە, 03 شوبات 2018 06:26

 

 

ڕێبەری رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەداوە، كە بایكۆت كردنی هەڵبژاردن لەلایەن هەندێ گرووپەوە نابێتە هۆی ڕاوەستانی پڕۆسەكە، تەنیا دەرەنجامی ئەم كارەش فرۆشتنی عێراق بە كەسانی گەندەڵكارە.

(موقتەدا سەدر) ڕێبەری رەوتی سەدرییەكان لە میانەی لێدوانێكیدا سەبارەت بە هاوپەیمانییەكان لە ئان و ساتی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، ئێمە لەگەڵ هەر گرووپێكی سیاسی عێراق هاوپەیمانی بكەین خێرا تۆمەتێكمان بۆ دروست دەكەن.

ئەو لەمبارەوە وتی، لەگەڵ حەشد هاوپەیمانی بكەین، تۆمەتێكیان لێدەدەن، هاوپەیمانی نەكەین تۆمەتێكی دیكە، لەگەڵ گروپە سوننەو شیعەو كوردەكانی دیكە هاوپەیمانی بكەین تۆمەتی دیكەو ئەگەریش هاوپەیمانی نەكەین تۆمەتێكی دیكە دەدۆزنەوەو بۆمان هەڵدەبەستن.

سەدر راشیگەیاند، هاوپەیمانی ئێمە لەگەڵ شیعەو سوننەو مەسیحییەكان بە مانای بیانی بوون و سیكۆلار بوون و بێ ئیمان بوونی ئێمە نییە، هەموو قسەی ئێمە ئەمەیە كە دەبێت لە هەموومان عێراقی بین و بەرژوەندی نیشتمانی خۆمان بۆمان گرنگ بێت.

ڕاشیگەیاند: هەر كەس كە هەڵبژاردنەكان گەمارۆ بدات و لە چاكسازی دەست هەڵبگرێت لە ڕاستی وەك ئەوە وایە كە وڵات ڕادەستی گەندەڵكاران بكات، بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن نابێتە هۆی هەڵسپاردنی ئەم پڕۆسەیەو تەنیا لە بەرژەوەندی گەندەڵكارانە، بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن وەك فرۆشتنی وڵات بە گەندەڵكاران وایە.

 

 

ئـ . كـ