عەبادی: كوردستان بەشێوەیەكی حیزبیانە بەڕێوەدەبرێت و كێشەی موچەش چارەسەر دەكەین

شەممە, 03 شوبات 2018 09:55

 


حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەكی میسری هێرش دەكاتە سەر شێوازی ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان و ڕایدەگەیەنێت كە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی حیزبی بەڕێوەدەبرێت و گەندەڵی و ناشەفافیەت هەیە و پێویستە گەندەڵارانیش بە سزا بگەیەنرێن ، كێشەی موچەش چارەسەر دەكەین


حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە میانەی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ( الیوم السابع) ی میسری دەڵێت" كێشەی كورد بەشێكی مێژووییە و ئێمە ڕێز لە خواست و هیواكانیان دەگرین، كێشەی كورد شەڕی هەموو حكومەتە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق بووە، كێشەی نەتوایەتی هەیە و ئەوانیش خاڵی نەتەواییەتیان هەیە، بە جدی كێشەی نەوت و گێڕانەوەی موچەی فەرمانبەران هەیە و كار بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە دەكەین.


عەبادی ووتی: ئێمە دژی نەبوونی شەفافیەت و نەبوونی لێپرسینەوەین لە هەرێمی كوردستان و شێوازی بەڕێوەبردن لەەو هەرێمە ڕەت دەكەینەوە، كە بەشێوەیەكی حیزبیانەیە، ئێمەش لە عێراق بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو پشتمان بە پشك پشكێنەی پۆستە سیاسییەكان بووین چونكە هەڵبژاردنەكان حیزبی بوون و ئەنجومەنی نوێنەرانیش لە حیزبەكان پێكهاتووە".


حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكراشی كرد لە كاتی ددیاردا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە داڤۆس لەسەر نەخشە ڕێگایەك ڕێكەوتووین كە هیوادارم وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.


وتیشی: هەندێك كەس نایەانەوێت كێشەكان چارەسەر بكرێت و دەوڵەتێكی نەتەوەییان دەوێت، ئێمەش بە تەواوەتی ئەمە ڕەت دەكەینەوە و سورین لەسەر سەپاندنی سەرجەم دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدراڵ بە پێی دەستور.