عەبادی بڕیاری خەرج كردنی 126 ملیار دینار دەدات بۆ هەڵبژاردنەكان

یەک شەممە, 04 شوبات 2018 07:46

 

 

سەرۆك وەزیرانی عێراق رەزامەندی نیشانداوە بە خەرجكردنی (126) ملیار دینار بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، وەك قۆناغی یەكەمی ئەو بڕە پارەیەی بۆ بەڕێوەچوون و ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داواكراوە.

(رزگار حاجی حەمە) جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاندووە، سەرۆك وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر بودجەی داواكراو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دەربڕیوە، لە كۆی (296) ملیار دینار، (126) ملیاری وەكو قۆناغی یەكەم خەرجكردووە.

ناوبراو بۆ ماڵپەری یەكێتی وتیشی : وەك كۆمسیۆن دەبێت پێش (5) ی ئەم مانگە ئەو بودجەیەی پێویستە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان و ئەو شایستە داراییانەی دەبێت بدرێت بەو كۆمپانیایانەی ئامێرەكانیان بۆ دروستكردوین پێیان بدەین.

بڕیارە ئەمڕۆ كۆمسیۆن لە وەزارەتی دارایی عێراق دەستبكات بە تەواوكردنی رێكارەكان بۆ ئەوەی ئەو پارەیە بخرێتە سەر حیساب بەنكی كۆمسیۆن و دەست بە وەرگرتنی بكەن.
ئەوەش لەكاتێكدایە بڕیارە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە (5/12) ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، كە (24) ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە.

 

ئـ . كـ