بەشێك لە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەبرێنە ئەفغانستان

دوو شەممە, 05 شوبات 2018 14:38

 

 

ووتەبێژی حكومەتی عێراق هەواڵی كەمكردنەوەی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە وڵاتەكەی پشتڕاست دەكاتەوە.

(سەعد حەدیسی) وتەبێژی حكومەتی عێراق بۆ ئاژانسی ئەسیۆشێتد پرێس ئاماژەی بەوە كردووە، دەستپێكردنی كەمكردنەوەی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا دوابەدوای ڕاگەیاندنی بەغدا بووە بۆ سەركەوتن بەسەر گروپە چەكدارەكانی داعش.

حەدیسی دەڵێت، شەڕی دژی داعش كۆتایی پێهاتووە، هەربۆیەشە ڕێژەی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا كەم دەبێتەوەو هەروەها دەشڵێت: لە ئێستادا كشانەوەكە لە قۆناغە بەراییەكانیدایەو بە مانای كشانەوەی تەواوەتی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا نییە.

لە مانگی هەشتی ساڵی (2014) دا ئەمریكا دەستیكرد بە هێرشی ئاسمانی لە عێراقدا بۆسەر پێگەو موڵگەی گروپە چەكدارەكانی داعش و دواتریش پاڵپشتێكی سەرەكی سەركەوتنەكانی هێزە سەربازییەكانی عێراق بووە لەوانە كۆنترۆڵكردنەوەی شاری موسڵ، دووەم گەورەترین شاری عێراق.

كۆنتراكتەرە ڕۆژئاواییەكانیش لە بنكەی هاوپەیمانانی بە سەركردایەتی ئەمریكا دەڵێن: سەربازە ئەمریكییەكان و چەك و كەرەستەو كەلوپەلە سەربازییەكانی ئەمریكا گواستراونەتەوە بۆ ئەفغانستان، وە دەشڵێن ماوەی هەفتەیەكە ڕۆژانە دەیان سەربازی ئەمریكی گواستراونەتەوە.

 

ئـ . كـ