شوێنی نیشتەجێ‌ بوونی رەغدی كچی سەدام ئاشكرا دەكرێت

چوار شەممە, 07 شوبات 2018 05:39

 

 

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، كچەكەی سەدام لە ئیماراتەو بەغدا بەڵگەی تەواوی لە دژی ئەو لەبەر دەست دایە.

(جاسم موحەمەد جەعفەر) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وتی: لە ئێستادا (رەغد سەدام) لە ئیمارات ژیان بەسەر دەبات.

ئەو بۆ ماڵپەری نەهرەین وتیشی، ڕادەست كردنی ئەو لەلایەن ئیماراتەوە تەنیا لە ژێر دەستی ئەمریكییەكانە، ئەگەر ئەمریكییەكان بیانەوێت بە خێرایی ڕادەست دەكرێتەوەو ئەگەر نا هەرگیز ئیمارات كچەكەی سەدام ڕادەستی ئێمە ناكاتەوە.

وتیشی: ئەمریكییەكان ئێستا بەعسییەكانی عێراق ڕادەست ناكەن، (رەغد سەدام) دەستی لە پرسی كۆنە بەعسییەكان و داعشدا بووەو بەڵگەی تەواویش لە بەردەستی حكومەتی عێراقدا هەیەو ئەم بەڵگانەش ڕادەستی پۆلیسی نێودەوڵەتی كراوەو یەكجار زۆریشە.

لەلایەكی دیكەوە ڕۆژنامەی (رەئی الیوم) ڕایگەیاند، (رەغد سەدام) لە دەرەوەی ئەردەنەو چەند بەرپرسێكی ئەردەنیش ئەم بابەتەیان پشت ڕاست كردۆتەوە.

شایانی باسە، حكومەتی عێراق ناوی (60) كەسی بە هۆی بابەتی ئاسایشی ڕاگەیاندووە، كە (28) كەسیان سەر بە داعشن، (12) یان سەر بە قاعیدەو (20) كەسی دیكەشیان لە كۆنە بەعسییەكانی سەردەمی (سەدام حوسێن) ن.

(رەغد سەدام) لە وەڵامی ئەم لیستە ڕایگەیاند: من لە ساڵی (2003) ەوە لە عێراق نەبوومەو لام سەیرە كە ناوم لەم لیستەدا هاتووە.

 

ئـ . كـ