حەشدی شەعبی : ئەگەر سوپای ئەمریكا نەكشێتەوە هێرش دەكەینە سەریان

چوار شەممە, 07 شوبات 2018 09:01

 


گروپی نوجەبای نێو میلیشیای حەشدی شەعبی بەتوندی هەڕەشە لە بوونی سوپای ئەمریكا دەكات لە عێراقدا و ڕایدەگەیەنێت لە ئەگەری نەكشانەوەی سوپای ئەمریكا ئەوا هێرش دەكەنە سەریان.


ئەبو وارس موسەوی وتەبێژی گروپی نوجەبا بە ئاژانسی هەواڵی ئێرانی ڕاگەیاندووە " ئەگەر لایەنی ئەمریكا لە عێراق نەكشێتەوە، وەڵامی ئێمە چەك دەبێت، چۆن لە پێناو سەروەری عێراق جەنگاوین و جارێكی تریش ڕوبەڕوی هێزی بێكانە ببینەوە ئەگەر بێتو نیازی داگیركاریان هەبێت".


هەروەك موسەوی داوا لە حكومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی كرد هەڵوێستێكی ڕوون و نیشتمانیان هەبێت بەرامبەر بە سەروەری خاكی عێراق، بەتایبەت بەرامبەر بە لێدوانەكانی بەرپرسانی ئەمریكا.


هیواداریش بوو ، حەیدەر عەبادی پەیامێكی دڵنیایی بداتە هاوڵاتیانی عێراقی لەسەر پرسی كشانەوەی هێزەكانی سوپای ئەمریكا.