پێدەچێت ئەمڕۆ بەبێ كورد، بودجەی عێراق پەسەند بكرێت

یەک شەممە, 11 شوبات 2018 08:03

 

 

 

بڕیاردەری‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق ڕایدەگەیەنێت: ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆدەبێتەوەو پێدەچێت بەزۆرینەی دەنگ پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2018 تێپەڕێندرێت.

 


نیازی‌ معماری‌ ئوغڵو بڕیاردەری‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق بەڕژۆنامەی "الصباح" ڕاگەیاند: ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆدەبێتەوە و بەپێی كارنامەی دانیشتەكەش گفتوگۆ لەسەر شەش پرۆژە یاسا دەكرێت لەگەڵ پرۆژە یاسای هەمواركردنی یاسایی هەڵبژاردنەكانی عێراق.

 


هەروەها ووتیشی: پێدەچێت لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەی یاسای بودجەی ساڵی 2018ی عێراق بكرێت و بەكۆی دەنگ پرۆژەكە تێپەڕێندرێت.

 


جێگای ئاماژەبۆكردنە بەپێی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2018ی عێراق پشكی كورد بەڕێژەی 12.67%دیاری كراوەو فراكسیۆنە كوردییەكانیش لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەدانیشتنەكانی پێشودا بایكۆتیان كردووە و پشكی كورد لەپرۆژە یاساكەدا ڕەتدەكەنەوە و داوادەكە پشكی كورد بكرێتەوە بەلە 17%لەبودجەی گشتی عێراق.

 

 

 

 

س ب