مامۆستایان گه‌مارۆی وه‌زاره‌تی دارایی عێراقی ده‌ده‌ن

دوو شەممە, 19 شوبات 2018 13:42

 

دوای نیوه‌ڕۆ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه،‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كۆمه‌ڵێك كێشه‌، مامۆستایانی پارێزگای به‌غدا رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و گه‌مارۆی باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراقیان دا.

به‌هۆی بڕینی مووچه‌ و هه‌ژمارنه‌كردنی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌یان، به‌ پێی یاسای خزمه‌تی مه‌ده‌نی عێراقی، مامۆستایان له‌به‌رده‌م وه‌زاره‌تی دارایی كۆبوونه‌وه و گه‌مارۆی باڵه‌خانه‌كه‌یان داوه‌.

میدیا عێراقییه‌كان ژماره‌یه‌ك وێنه‌ی خۆپیشاندانه‌كانیان بڵاوكردۆته‌وه‌، كه‌ مامۆستایان بۆ داواكردنی مافه‌كانیان رژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كانی به‌غدا و هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی دارایی عێراق.

میدیاكان ئاشكرایانكردووه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان رێگریان له‌ مامۆستایان كردووه‌ و نه‌یانهێشتووه‌ بچنه‌ ناو باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه،‌ به‌ڵام لیژنه‌یه‌كی مامۆستایان چونه‌ته‌ ژووره‌وه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی دارایی كۆبوونه‌ته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كان.