حەشدی شەعبی لەحەویجە تۆڵەی خۆی دەكاتەوە

دوو شەممە, 19 شوبات 2018 17:06

 

 

 

حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیان لە ڕۆژئاوای كەركوك بەردەوام دەبێت بۆ لەناوبردنی داعش لە تۆڵەی كوژرانی ژمارەیەك چەكداریان لە بۆسەیەكدا.

(عەلی حوسێنی) وتەبێژی میحوەری باكوری حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیان لە سنوری گوندی سەعدونیەی سەر بە قەزای حەویجە دەست پێكردووە بۆ كێوماڵكردنی ناوچەكە لە چەكدارانی داعش.

ڕاشیگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنەكە بەردەوام دەبێت لە ناوچەكەو وردبینی لە ناوی ئاوارە گەڕاوەكانی گوندی سەعدونیەو ناوچەكە دەكات و ڕێوشوێنی ئەمنی توندیش دەگرنە بەر.

ئەوە لەكاتێكدایە شەوی ڕابردوو هێزێكی تایبەتی لیوای (16) ی حەشدی شەعبی لە گوندی سەعدونیەی سەر بە قەزای حەویجە لە باشوری ڕۆژئاوای كەركوك كەوتنە بۆسەیەكی داعشەوەو بەپێی ڕاگەیەنراوی حەشدی شەعبی (27) چەكداریان لێ كوژراوە و (32) چەكداری دیكەشیان برینداربوون و شەش ئۆتۆمبێل و هەمەری سەربازییان تێكشكاون.


لە ڕاگەیەندراوەكەی حەشدی شەعبیدا هاتووە، چەكدارانی داعش سودیان لە خراپی كەشوهەوا بینیوە لە ناوچەكەداو دوای ئەوەی هێزێكی زۆریان ڕەوانەی ناوچەكە كردووە، شەڕو ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوانیادا ڕوویداوە.

 

ئـ . كـ