بە فشاری واشنتۆن، بەغدا تانكە سەربازییەكان لەحەشدی شەعبی وەردەگرێتەوە

شەممە, 24 شوبات 2018 07:10

 

 

واشنتۆن فشاری خستۆتە سەر حكومەتی بەغدا بەمەبەستی وەرگرتنەوەی تانكە سەربازییەكانی لە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی.

وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش لە عێراق و سوریا كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات رایگەیاندووە، تاكو ئێستا چەكدارەكانی حەشدی شەعبی (9) تانكی پێشكەوتووی ئەمریكیان لایە، ئەوەش بەپێی ڕێككەوتنی نێوان واشنتۆن و بەغدا پێشێلكردنە، بۆیە دەبێت عێراق ئەو تانكانە وەربگرێتەوە.

ماڵپەری (دەیلی بێست) ی ئەمریكی بڵاویكردۆتەوە، كە بەرپرسانی وڵاتەكەی نیگەرانن لەوەی چەكی قوس كەوتۆتە دەستی حەشدی شەعبی و داوا دەكەن بەغدا بەوریاییەوە مامەڵە بەو چەكانەوە بكات و لەو چەكدارانەشی وەربگرێتەوە.

جێگەی باسكردنە لەمانگی ئۆكتۆبەری رابردوو ئەو كاتەی هێزە عێراقییەكان و چەكدارەكانی حەشدی شەعبی پەلاماری ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانیاندا، تانكێكی ئەبرامز لەپردێی باشووری هەولێر لەلایەن پێشمەرگە تێكشكێندرا، ئەوەش بووە هۆی نیگەرانی بەرپرسانی ئەمریكا لەوەی كە عێراق تانكی ئەبرامزی لە ململانێی ناوخۆ بەكارهێناوە.

 

ئـ . كـ